144 ئامێری چاندنی لوولپێچی گوێ بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابینکران

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان | وێنە: کوردستان24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)
کۆنگرەی رۆژنامەوانی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان | وێنە: کوردستان24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەستێکی بۆ دابینکردنی 144 ئامێری چاندنی لوولپێچی گوێ واژوو کرد و وەزیری تەندروستیش دەڵێت، "بەهای هەر یەکێک لە ئامیرەکان 15 ملیۆن دینارە".

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، بەئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێک لەنێوان بریکاری كۆمپانیای قەسوورە و وەزارەتی تەندرستی بە مەبەستی دابینكردنی ئامێری لوولپێچی گوێ بۆ ماوەی ساڵێک واژوو کرا.

سامان بەرزنجی لەبارەی واژووکردنی گرێبەستەکە، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەی یەک ساڵ، 144 ئامێر بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ 144 منداڵی نابیست دابیندەکرێن، بۆ ئەوەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجام بدرێت و بتوانن قسەبکەن.

وەزیری تەندروستی روونیشیکردەووە، نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان ئەنجام دەدرێن، واتا لە هەرسێ سەنتەرەکانی چاندنی لوولپێچی گوێ، لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵە نابیستانە ئەنجام دەدرێن.

لەبارەی بەهای ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانە، کە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەکاردەهێندرێن، بەرزنجی روونیکردەوە، بڕی هەر ئامێرێک 15 ملیۆن دینارە و ئەو ستافەی کار بە ئامێرەکان دەکات، لە کەسانی پسپۆڕ پێکهاتووە و لە ساڵانی رابردوودا راهێنانیان لەسەر چۆنیەتی بەکار‌هێنانی ئەو ئامێرانە کردووە.

بەگوتەی وەزیری تەندروستی، ئەولەویەتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی لوولپێچی گوێ بۆ ئەو منداڵانە دەبێت، کە بەگوێرەی بەڵگە زانستییەکان، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چاندنی لوولپێچی گوێ، چارەسەر دەبن و دەتوانن ببیستنن و قسە بکەن.