تاران: پێشوازی لە هەر پەرەسەندنێکی ئەرێنی لە نێوان گەلانی ئێران و میسر دەکەین

ئاڵای ئێران و میسر
ئاڵای ئێران و میسر

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران گەشتی میسرییەکان بۆ ئێران سنووردار ناکات و پێشوازی لە هەر پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە پەیوندییەکانی نێوان ئێران و میسر دەکات.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هەفتانەدا گوتی: "ئێمە پێشوازی لە هەر پێشکەوتنێکی ئەرێنی پێشکەوتوو دەکەین، لەبەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران و میسردا".

هەروەها کەنعانی گوتیشی: "سەبارەت بە گەشتی هاووڵاتییانی میسر بۆ ئێران، هیچ رێگرییەکیان لێ ناکەین، هەروەها پێشوازی لە گەشتیارانی میسر دەکەین و بەخێرهاتنیان دەکەین بۆ وڵاتەکەمان".

پێشتریش سەرچاوەیەکی میسری ئاگادار ئاشکرای کردبوو، کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان ئێران و میسر لە بازنەییەکی تایبەتدا بوونی هەیە و نەوەستاوە.

جەختی لەوەشکردەوە، قورسە پێشبینی کاتی هەنگاوێکی سیساسی بکرێت، لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیانی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.