سەروەر هاواری: ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گەنمی زیاتر له‌ جووتیاران وەردەگرێت

سەروەر هاواری
سەروەر هاواری

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم بۆ جووتیاران کراوە دەبێت، ئه‌و رێژه‌ی پێشکەش به‌ وەزارەتی بازرگانی ده‌كرێت، لێیان وەردەگیرێت. ده‌شڵێت: "بۆ هەر یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، رەچاوی جۆری گەنم ناکرێت، هەمووی بە یەک نرخ وەردەگیرێت".

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم بۆ جووتیاران کراوە دەبێت، ئه‌و رێژه‌ی پێشکەش به‌ وەزارەتی بازرگانی ده‌كرێت، لێیان وەردەگیرێت، بۆ هەر یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژەی بەوەشکرد، رەچاوی جۆری گەنم ناکرێت،  هەمووی بە یەک نرخ وەردەگیرێت.

سەروەر هاواری، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی بازار و دیاریکردنی نرخی كاڵا گوتی: "حکومەت هه‌وڵده‌دات کۆنتڕۆڵی نرخی بازاڕ بكات، هەروەها چاوەڕێ دەکەین کە بانکی ناوه‌ندی عێراق نرخی دۆلار جێگیربكات، بۆ ئەوەی بتوانرێت رێنمایی بڵاوبکەینەوە و نرخ جێگیربکەین.

هەروەها گوتیشی: "بە نیازین سزای سەر بازرگانان قورستر بکەن، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان و دووبارەکردنەوەی سەرپێچی".

ده‌شڵێت: "لە بەرنامەدایە لیژنەی چاودێری بازرگانی بکرێتە یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمان، خوێندەوەی بۆ بکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو بكرێته‌وه‌ و کاری پێبکرێت".

سەرەوەر هاواری، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی کاڵا دەشڵێت: "ئەگەر کاڵا نرخی بە بەرزی مایه‌وه‌، داوا لە هاووڵاتییان دەکەم بایکۆتی ئەو کاڵایە بکەن و خۆی نرخەکەی دادەبەزێت".