پێکهاتەی تورکمان و کریستانەکان پێشنیازی یەکەمی یونامی لە بارەی دابەشکردنی کورسیەکانیان رەتدەکەنەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

یونامی دوو پێشنیازی لە بارەی بەشداری پێکهاتەکان داوەتە پارتی و یەکێتی، پێشنیازی یەکەمی داوایکردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت، پێشنیازی دووەمیشی ئەوەیە پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

هەردوو پێشنیازەکە لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی نزیکن کە کێشەیان لەسەری هەیە، لەکاتێکدا پێکهاتەی تورکمان و کریستانەکان پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە و پێشوازی لە پێشنیازی دووەم دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (10ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە و پێشوازی لە پێشنیازی دووەم دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کریستانەکانیش پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە، بە گوتەی جەنان جەبار، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، یەک بازنەیی لای ئەوان قبوڵکراو نییە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە و نایانەوێت کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (9ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان  له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی لە بەرنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، سەبارەت بە بۆچوونی پارتی لەسەر کورسی پێکهاتەکان رایگەیاند، كورسی كۆتاكان مافی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، مافی ئێمه‌ و براده‌رانی یه‌كێتیش نییه‌، ئه‌وان مافی خۆیانه‌ بڕیار له‌ شێوازی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌  بده‌ن، هەروەها راشیگەیاند: "ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، كاتێك یه‌كێتی واز له‌ پێكهاته‌كان بهێنێت، خۆیان بڕیاربده‌ن، یه‌كێتی ویستی خۆی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان نه‌سه‌پێنێت"