لە ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل: بەو ئاستە نزمەتان ناتوانن مەترسیمان لەسەر دروست بکەن

ئاڵای ئیسرائیل و ئێران | وێنە: iStock
ئاڵای ئیسرائیل و ئێران | وێنە: iStock

K24 - هەولێر:

فەرماندەی سوپای ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی هێرسی هالیڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلی دایەوە، کە باسی لە دەستپێکردنی هێرشێکی پێشوەختە بۆ سەر ئێران کردبوو، 'تەنانەت بەبێ هاوکاری ئەمەریکاش.'

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران، لە زاری جەنەڕاڵ رەحیم موسەوی، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە نووسیویەتی: ئیسرائیل لەوە نزمترە بتوانێت مەترسی لەسەر ئێران دروست بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانەکانی فەرماندەی سوپای ئێران لە کاردانەوەی لێدوانەکانی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بووە، کە تێیدا باسی لە توانای هێزەکانی کردووە بۆ لێدانی ئێران بە ئامانجی ئیفلیجکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەبێ ئەوەی پێویستی بە پشتیوانی ئەمەریکا هەبێت.

هالیڤی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل تواناکانی خۆی بۆ هێرشی پێشوەختە دژی ئێران زۆر بەرز دەکاتەوە، سەرەڕای دووریان لە یەکترەوە، دەشڵێت، "ئەگەر وڵاتی جولەکەکان بتوانن رووبەڕووی هەر تەحەدایەکی ئەمنی ببنەوە، باش دەبێت ئەمەریکا لە لای ئێمە بێت، بەڵام ئەمە پابەندبوون نییە".

جەنەڕاڵ رەحیم موسەوی ئەو لێدوانانەی به "ئامانجی بەرزکردنەوەی ورهی سەربازەکان و چارەسهرکردنی کێشه ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە زانی، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک کەمێک ئاشنای کاروباری سەربازیی هەردوولا هەبێت، بەباشی دەزانێت کە قەبارە و پێوەری هەریەکەمان چەندە و ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کاتی شەڕی ئێران - عێراق چۆن بووە.

موسەوی گوتیشی: ئیسرائیل کە ئێستا لە حاڵەتی خنکاندایە و کاریگەرییەکانی داڕمانی روونتر دەرکەوتووە، کەمترە لەوەی مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دروست بکات، پراکتیکەکانی سەرکردەکانیان دوورن لە عەقڵ و حیکمەت تەنها پرۆسەی داڕمانیان خێراتر دەکات.