سەعدی پیرە: پارتی و یەکێتی دەبێت بەیەکەوە کاربکەن

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پێویستی بەیەکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی دەکاتەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، تەنیا رێگە لەبەردەم پارتی و یەکێتی بەیەکەوە کارکردن و هیوای خواست هەردوولا بگەنە قەناعەت و هاوشێوەی دەزگای هەڵبژاردنی هەردوو حزبەکە، دانیشین و کێشەی سەربازی، ئەمنی، سیاسیی و ئابوورییەکان گفتوگۆ بکەن.

لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەعدی پیرە، ئاماژەی بەوەکرد، هەر بابەتێک لە بەرژەوەندی میللـەت بشکێتەوە، سەرکەوتنە و زیاتر گوتی، "هەر شتێک بە خێری میللـەتەکەمان دەشکێتەوە، بۆ دەبێت بە سەرنەکەوتنی تێبگەین، نا سەرکەوتنە".

ئەو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی، نەوت، گاز و بەنزینی هەرزان و مووچەی زۆر بۆ هاووڵاتییان سەرکەوتنە.

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.