شارۆچکەیەکی بەلجیکا ساڵانە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن

kurdistan24.net

K24 – بەلجیکا:

شارۆچکەی بروژە لە وڵاتی بەلجیکا بە سەنتەری گەشتوگوزاری و شارە رۆمانسیەکەی ئەم ووڵاتەیە دەناسرێت، ساڵانە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانیدەکەن.

شارۆچکەی بروژە بە ناوچە رۆمانسیەکەی وڵاتی بەلجیکا ناسراوە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 100 هەزار کەس دەبێت، ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار لەسەرانسەری جیهانەوە روو لێدەکەن و هۆکاری سەرەکییە بۆ بوژانەوەی تەواوی هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەکان ناوچەکە و رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتوانەکەی.

 گەشتیارانی شارۆچکەی بروژە دەڵێن، کەدێیتە ئەو ناوچەیە واهەست دەکەیت دەگەڕێیتەوە بۆ مێژوو و سەدەی سیانزەهەم، خواردنی خۆشت دەستدەکەوێت، رووبارە دەستکردەکانیشی بە ڤینیسی باکوور ناسراوە کە زۆر سەرنجراکێشن.

بە گوتەی خاوەن چێشتخانەکانی ئەم شارە، بوونی گەشتیار زۆر گرنگە چونکە  لەگەڵ ئەوان مامەڵە دەکەن و هەموو چێشتخانەکانی شاری بروژە بەهۆی گەشتیارانەوە بووژاونەتەوە و  ئەمەش هۆکارێکە بۆ جموجۆڵی کارکردنی چێشتخانەکان.

دروستبوونی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم شەڕی تیادا نەکراوە و وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە تەواوی شارەکە بە فەرمی لە میراتی نیشتمانی رێکخراوی یونسکۆ تۆماربکرێت.