نوێنەری پێکهاتەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ئەم هەفتەیە نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و سریان و ئاشووریی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبنەوە و وەڵامی فەرمی پێشنیازەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدەنەوە بەرامبەر تەرخانکردنی دوو کورسی پێکهاتەکان بۆ پارێزگای سلێمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانن، لە کۆبوونەوەی داهاتووشیاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.

حزبە سیاسییەکانی کوردستان سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانن کە کورسییەکی تورکمان و کورسییەکی کریستیانەکانی بۆ پارێزگای سلێمانی داناوە، هەروەها پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (11ــی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023)، رۆبینە تیاری، ئەندامی فراكسیۆنی ھاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە و پێشوازی لە پێشنیازی دووەم دەکەن، داوە دەکەن بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، لەسەر ئەو پرسە بە فەرمی وەڵامی نەتەوەیەکگرتوەکان دەدەنەوە.

سەبارەت بە پرسی کۆبوونەوەی پێکهاتەکان، رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی گوتی: " لەماوەی رابردوو لێکتێگەشتنی باش هابوو لەنێوانمان،پێشبینی دەکەین کۆبوونەوەی داهاتومان لەگەڵ یەکێتی دواکۆبوونەوەمان بێت لەسەر پرسی پێکهاتەکان و پرسەکە بەتەواوی یەکلاببێتەوە".

لەلایەن خۆشیەوە، لوقمان وەردی، جێگیری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، ئەو کەشە سیاسییەی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان خزمەت بە رەوتی دانووستاندن ناکات، لەو بڕوایەدانیە بتوانرێت بە زوویی بگەنە رێککەوتن.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (9ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان  له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی لە بەرنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، سەبارەت بە بۆچوونی پارتی لەسەر کورسی پێکهاتەکان رایگەیاند، كورسی كۆتاكان مافی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، مافی ئێمه‌ و براده‌رانی یه‌كێتیش نییه‌، ئه‌وان مافی خۆیانه‌ بڕیار له‌ شێوازی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌  بده‌ن، هەروەها راشیگەیاند: "ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، كاتێك یه‌كێتی واز له‌ پێكهاته‌كان بهێنێت، خۆیان بڕیاربده‌ن، یه‌كێتی ویستی خۆی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان نه‌سه‌پێنێت".