قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی تاوانی ئەنفال

ئەنفال
ئەنفال

K24 - هەولێر:

تاوانی ئەنفال، هەوڵێكی بەرفراوانی رژێمی بەعس بوو، بۆ قڕكردنی گەلی كورد لە باشوری كوردستان.

حكومەتی بەعس لە ژێر ناونیشانی پرۆسەکانی ئەنفال و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەدام حوسێن، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق لە نێوان شوبات تاوەكو ئەیلوولی ساڵی 1988 لەهەشت قۆناغدا جێبەجێیكرد.

قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە 18ی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و ماوەی مانگێكی خایاند، كە دۆڵی جافایەتی، دوکان، چوارتا، قەڵاچوالان و سورداشی گرتەوە.

قۆناغی دووەمی ئەنفال لە 22ی ئاداری 1988 دەستیپێكرد و ماوەی 10 رۆژی خایاند، سنووری پەلامارەكە ناوچەكانی قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، نەسر و دەربەندیخانی گرتەوە.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال كە بە گەورەترین و سەختترین قۆناغ دادەنرێ،‌ سنووری ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 7ی نیسانی 1988 دەستیپێكرد و و لە 20ی نیسانی ھەمان ساڵ كۆتایی پێهات. چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، قادر کەرەم، دوز و لەیلانی گرتەوە.

لە قۆناغی چوارمی ئەنفال كە لە 3ی ئایار 1988 تا 8ی ئایاری ھەمان ساڵ بەردەوام بوو، کەرکووک، پردێ، تەقتەق، شوان، تەکیە، کۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر و دەشتی هەولێری گرتەوە.

دواتر قۆناغەکانی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت لە 15ی ئایاری 1988 دەستیپێكرد و لە 26ی ئابی 1988 كۆتایی پێهات، كە ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، وەرتێ، خانەقا، چۆمان، رانیە، قەڵادزێ و بناری قەندیلی گرتەوە.

لە دوا قۆناغیشدا واتە قۆناغی هەشتەم  لە 26ی ئابی 1988دەستیپێكردووە و 11 رۆژی خایاند، كە بادینانی گرتەوە لە  سنووری دھۆك، ئامێدی، ئەتروش، زاخۆ و کانی ماسی.