بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان: زیاتر لە 11 هەزار کۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵکردن و خۆدزینەوە لە باج سزادراون

بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان
بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی چاکسازییەکانی لە بوار و کەرتە جیاوازەکاندا بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی دارایی و ئابووریدا سزای بەسەر چەندین کۆمپانیادا سەپاندووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە پێدانی باج، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی باجەکانیش سزاکان جۆراوجۆر و هەمەلایەنن.

بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 11 هەزار و 594 کۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵکردن و خۆدزینەوە لە باج، سزا دراون و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.

لەمبارەیەوە کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، ئەو کۆمپانیا و شوێن و باجدەرانەی سزادراون لە ژمێرەی ساڵانەیاندا فێڵیان لە حکومەت کردووە و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا پێویست بووە باج بدەن. گوتیشی، ئەوانەی سزادراون ئەو شوێن و کەسانەی نەگرتووەتەوە کە داهاتیان نزمە و کار و پیشەکەیان سنووردارە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان روونیکردووەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 747 شوێن داخراون و 103 باجدەر ئاراستەی دادگاکان کراون بەهۆی ساختەکاری و سەرپێچی یاسایی لە باجدان، هاوکات قەدەغەی گەشتکردن لەسەر 72 باجدەر دانراوە.

لە بەشێکی ئامارەکەدا هاتووە بەهۆی پێشکەشنەکردنی بودجە لە ماوەی یاسایدا دوو هەزار و 244 کۆمپانیا سزای دارایی دراون و حەوت هەزار و 135 نامەی ئاگادارکردنەوە ئاراستەی باجدەران کراوە و هەزار و 263 کۆمپانیا و باجدەریش بەهۆی قەرزداری باجەوە نیشانەی گلدانەوە لە سەر دۆسیەکانیان دانراوە.