نەبەز عەبدولحەمید: هەر بازرگانێک نرخی کاڵاکان بەزر بکاتەوە سزا دەدرێت

K24 – هەولێر:

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رایدەگەیەنێت، هەر بازرگانێک نرخی کاڵا و کەلوپەل بەشێوەکی نائاسایی بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەیان راپێچی دادگا دەکرێت، هەروەها دەشڵێت: "تا رادەیەکی باش بەهۆی هەوڵی لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قایمقامییەت نرخ  لە بازاڕەکاندا جێگیر بووە".

ئەمڕۆ چوارشەممە(13ــی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، لەمیانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەکانی قایمقامیەت کە هەموو لایەنکانی پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتووە، چەند کۆگایەکی خۆراک بەسەرکرانەوە، لە نزیکەوە چاودێری هاوردەی کاڵاکان و نرخ و کوالێتیان کرا.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، هەر بازرگانێک بەشێوەکی نائاسایی و بەدەر لە ڕێنامییەکان نرخ بەرز بکاتەوە، سزا دەدرێت و لەئەگەری دووبارەکردنەوەیدا راپێچی دادگا دەکرێت، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تا راددەیەک نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان بەرز بوونەتەوە، کە ئەمەش لە دەسەڵاتی کەسدا نەبووە.

نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا نرخی دۆلار بەرەو دابەزین دەڕوا، ئەمەش وادەکات نرخی شتوومەکیش لە بازاڕەکان دابەزێت، هەروەها حکومەت کارئاسانی بۆ بازرگانان دەکات بۆ هێنانی خۆراکی زۆر و دروستبوونی کێبڕکی لەنێوانیان ئەمەش وادەکات نرخ زیاتر دابەزێت.

زیاتر گوتی: "تا رادەیەکی باش بەهۆی هەوڵی لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قایمقامیەت نرخ  لە بازاڕەکان جێگیر بووە"

نەبەز عەبدولحەمید، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی رابردوودا، نرخی گۆشتی سوور بەڕێژەکی بەرچاو بەرز ببوەوە، هەروەها لە درێژەی هەوڵەکانی بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر و لیژنەی قایمقامیەت نرخەکە جێگیر کرا.

سەبارەت بە نرخی گۆشتی مریشکیش گوتی: "نرخی گۆشتی مریشک بەو نزیکانە دادەبەزێت، ئێمە رەچاوی داواکارییەکانی هاووڵاتییان دەکەین، هەروەها کار ئاسانکاری تەواویش دەکەین بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان تاکو ئەوانیش باشترین جۆری پەلەوەر رەوانەی بازاڕ بکەن و پێویستی بازاڕی پێپڕبکەونەوە".

قایەمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، گوتیشی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەریەکی باشی لەسەر دابەزاندنی نرخ هەبووە لە بازاڕدا، بە تایبەت لە نرخی سووتەمەنی، کە بەردەوام لە دابەزیندایە، چاودێری تەواوی بەنزینخانەکانیش دەکرێت تا نرخ بەرز نەکەنەوە و دەستکاری کوالێتی بەنزین نەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەگەری دەستکاری کردنی نرخ و کوالێتی بەنزین، بەنزینخانەکە دادەخرێت و سزا دەدرێن و ناوی بەنزینخانەکەش بڵاودەکرێتەوە تاوەکو هاووڵاتییان ئاگاداربن.

نەبەز عەبدولحەمید، تایبەت بە نرخی موەلیدە ئەهلییەکان گوتی: "بەهۆی دابەزینی نرخی گازوایل، ئێستا نرخی ئەمپێری موەلیدەکانیش کەم بووەتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە ئەگەری بێزاربوونیان لە دەنگی بەرزی موەلیدە و دووکەڵی رەشی، لیژنەی چاودێری موەلیدە ئەهلییەکان ئاگەداربکەنەوە، تاوەکو داواکاریەکانیان بەهەند وەربگیرێت و چارەسەربکرێت".

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەوەشی راگەیاند، لەم نزیکانە رێنمایی تایبەت بە جەژن بڵاودەکرێتەوە،و لە رۆژانی جەژندا مارکێت و نانەوخانەکان کراوە دەبن، هەروەها هۆتێلەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن، نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانیش کراوە دەبن بۆ پێشوازی نەخۆش.