وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە

K24 – هەولێر:

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا جەخت لە سوودمەندبوونی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەزگای شەهیدی عێراق کراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود،  وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، دیدگایه‌كی روون له‌ نێوان هەردوولا دروستبووه.‌

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاماژەی بەوەکرد، دوو خاڵی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سوودانی، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیەکانی مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌ زیانه‌كانی رژێمی پێشووی عێراق بووه‌ و دیدگایه‌كی روون له‌ نێوانیان له‌وباره‌یه‌وه‌ دروستبووه‌.