بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە 21 ماڵی گوندێکی دەڤەری بارزان ژێر ئاو کەوتوون

گوندی سێلکێ
گوندی سێلکێ

K24 – بارزان:

بەهۆی بارانبارین 21 ماڵ لە گوندی سێلکێ لە دەڤەری بارزان ژێر ئاو کەوتوون، زیانێکی زۆری ماددی بە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.

بە گوتەی بەشێک لە هاووڵاتیانی کۆمەڵگەی سێلکێ بۆ کوردستان24، 60 ملیم بارانبارییوە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەوە، ئاو چووەتە نێو ماڵەکان، تەنیا زەرەر و زیانی ماددی هەیە.

ئەوەی دەردەکەوێت لەو دیمەنانەی کاتی لافاوەکە تۆمارکراوە، قەبارەی لافاوەکە بەشێوەیەک زۆرە هەرشتێک هاتووەتە پێشی رایماڵیوە، بەشێک  لە دانیشتووانی سێلکێ، ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و 140 خێزانیش لەدۆخێکی ناهەموواردان، ئاستی زیانەکانیش تاوەکو دوای ئاسییبوونەوەی کەشوهەوا نادیارن.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ هاوکاریکردنی زیانپێکەوتووانی لافاوەکەی ئەو ناوچەیە، کاروانێکی هاوکاری گەیاندە خەڵکەکە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابینکردن.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە بارانبارینێکی بەلێزمە کە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش "بارانبارین بەردەوام دەبێت"، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان گلدەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.

بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە و هەر دوێنێ چوارشەممە (12ـی نیسان) بۆ یەکەمجار بەنداوەکە سەڕێژ بوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە کە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە: ئێستا حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و ماوەی 18 کاتژمێریشە بەنداوەکە سەرڕێژ بووە.

هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە ڕووی لە ناوچەكه‌ کرد، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە 21ملیۆن و 967 هەزار مەتر سێجایە و "هیوادارم بتوانین زۆرترین ڕێژەی ئاو گلبدەینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی سوودی لێ وەربگرین".