کەمال تەیب: رێکارەکانی حکومەت لەبارەی باج بۆ خۆپارێزی بووە لە قەیرانی ئابووری

کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی پڕۆسەی چاکسازییەکانی لە بوار و کەرتە جیاوازەکاندا بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی دارایی و باجدا سزای بەسەر چەندین کۆمپانیادا سەپاندووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە پێدانی باج، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی باجەکانیش سزاکان جۆراوجۆر و هەمەلایەنن.

بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، 11 هەزار و 594 کۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵکردن و خۆدزینەوە لە باج، سزادراون و رووبەڕووی رێکاری یاسایی کراونەتەوە.

لەمبارەیەوە کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، باج لەسەر ئاستی دنیادا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی هەر وڵاتێک دادەنرێت، لە هەرێمی کوردستانیش سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ بودجەی حکومەت، بۆیە پاراستنی سەروەت و سامانی گشتی لە ئەرک و مافە سەرەکییەکانی حکومەت و دەوڵەتە.

کەمال تەیب ئاماژەی بەوەشکرد، خۆدزینەوە لە باج بە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو دیاردەیەکی ناپەسەندی کۆمەڵایەتییە لە هەموو دنیا، بەڵام بەپێی یاساش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازییەوە، بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی باج، توانیویەتی رێژەی خۆدزینەوەی باجدەران لە باج بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و قەبارەکەی بچووک بکاتەوە.

هەروەها کەمال تەیب گوتی، ئەو رێکارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا گرتوویەتەبەر، رێکاری خۆپارێزی بوونە لە قەیرانی ئابووری، بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی حکومەت بپارێزی و داهاتەکانی گشتی زیاد بکات.

بەڕێوەبەری گشتی باجەکان سەبارەت بەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە روونیکردەوە، ئامارەکان دڵخۆشکەرن و زۆربەیان لە کەرتی کۆمپانیاکان کراوە، کە ئەمەش وایکردووە داهاتەکانی باج لە هەرێمی کوردستان زیادبکات.

ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان روونیکردووەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 747 شوێن داخراون و 103 باجدەر ئاراستەی دادگاکان کراون بەهۆی ساختەکاری و سەرپێچی یاسایی لە باجدان، هاوکات قەدەغەی گەشتکردن لەسەر 72 باجدەر دانراوە.

لە ئامارەکاندا هاتووە، بەهۆی پێشکەشنەکردنی بودجە لە ماوەی یاسایدا دوو هەزار و 244 کۆمپانیا سزای دارایی دراون و حەوت هەزار و 135 نامەی ئاگادارکردنەوە ئاراستەی باجدەران کراوە و هەزار و 263 کۆمپانیا و باجدەریش بەهۆی قەرزداری باجەوە نیشانەی گلدانەوە لە سەر دۆسیەکانیان دانراوە.