کوردستان24 زانیاری لەبارەی هۆکاری شەڕەتەقەکەی تۆپزاوە دەخاتەڕوو

ناحیەی رزگاری - تۆپزاوە
ناحیەی رزگاری - تۆپزاوە

K24 – هەولێر:

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (14ـی نیسانی 2023)، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، شەڕەتەقە لە نێوان دوو بنەماڵەی ناحیەی رزگاری (تۆپزاوە) روویداو و بەپێی ئامارە سەرتاییەکان سێ هاووڵاتی دانیشتووی ناوچەکە کە هیچ پەیوەندییان بە کێشەی ئەو دوو بنەماڵەیەوە نییە، بریندرابوون.

لەلایەن خۆیەوە، رابەر ساڵح شێرە، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و چەند کەسێکیش دەستگیربکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هۆکاری شەڕی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کچێک خۆی دەسووتێنێت و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات، بەڵام پێش کۆچی دواییکردنی ناوی کوڕێک دەهێنێت کە هەڕەشەی لێکردووە و بەو هۆیەوە ئەو کوڕە دەستگیردەکرێت.

هەروەها دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی، ئەو کوڕە لەلایەن دادگاوە بە کەفالەت ئازاد دەکرێت و بەو هۆیەشەوە، بنەماڵەی کچەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەو کوڕە و شەڕە تەقە لە نێوان هەردوولادا روودەدات.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکە، دوو برای کچەکە و ئەو کوڕەی تۆمەتبارە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.