داواکاری گشتی ئەنقەرە داوای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەکات

سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە
سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە

K24 – هەولێر:

داواکاری گشتی ئەنقەرە لە دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی کۆبانێ، داوای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هەدەپە دەکات.

ئەمڕۆ هەینی (14ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، لە دانیشتنی 24ـەمین دادگایی تایبەت بە دۆسیەی کۆبانێ لە چوارچێوەی یاسای تیرۆر، داوای سەپاندنی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە و 34 کەسی دیکە کرا و تەواوی دۆسیەکە لەلایەن داواکاری گشتی خوێندرایەوە.

جگە لە دەمیرتاش و یوکسەکداغ، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بەڕێوەبردنی هەدەپە، لە کۆی گشتی ئەو 108 کەسە لەناو دۆسیەکەدا کە تۆمەتبارکراون ناویان هاتووە.

هەروەها داواکاری گشتی ئەنقەرە، لەو دۆسیەیەدا، داوایکردووە هەریەکە لە سری سورەیا ئۆندەر و ئایهان بیلگەن و 10 سیاسەتوانی دیکە کە ئێستا ئازادن، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەربکرێت و ئەوانەشی لەزینداندان، پرۆسەی زیندانیکردنیان بەردەوام بێت.