ئەو ناوچە گەشتیارییانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتبوو ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

هاوینەهەواری گەلی زەنتا لە ئاکرێ یەکێک بوو لەو شوێنە گەشتیارییانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەر شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو کەوت و زیانێکی زۆری پێگەیشت، خاونی شوێنە گەشییارییەکانی ئەم هاوینەهەوارەیش داوا دەکەن لە پاککردنەوەی شوێنەکانیان هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی لە جەژندا پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.

شوێنە گەشیارییەکانی ئەم هاوینەهەوارە کە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، رۆژانە لەلایەن خاوەنەکانیان و بە بەشداری چەندین کرێکار و ئامێر سەرقاڵی پاککردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانیانن بۆ ئەوەی بتوانن بەر لە هاتنی جەژنی رەمەزان جارێکی تر شوێنە گەشتیارییەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان ئامادە بکەنەوە و بە روویاندا بکرێنەوە.

خاوەنی ئەو شوێنە گەشتیارییانە ئاماژە بەوە دەکەن پاککردنەوەی شوێنەکانیان ماندووی کردوون و پڕۆسەکە لە توانای ئەواندا نەماوە، بۆیە داوا دەکەن هاوکاری بکرێن. بە گوێرەی زانیارییەکان زیانی شوێنە گەشتیارییەکان بە 250 ملیۆن دیناری عێراقی دەخەمڵێندرێن و بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز کراوەتەوە.

رۆژی (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە چەند شوێنێکیش رێژەی بارانبارینەکە بەرزبووە و بەهۆیەوە ئاو له‌ چه‌ندین شوێن پەنگیخوارد و زیانی بە ماڵ و دوکانی چەند هاووڵاتییەک و چەند شوێنی گەشتیاری گەیاند و مێردمنداڵێکێش لە سنووری هەولێر بەهۆی هەورەتریشقەوە گیانی لەدەستدا.