فەیسەڵ سادق: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پلانێکی گونجاوی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی ناوچەکە داناوە

K24 – هەولێر:

بەهۆی فڕیدانی پاشماوە و مەترسی راستەقینە لەسەر ژینگەی سۆران، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، رایدەگەینێت، پرۆژەیەکی باش  هەیە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی سۆران ئەویش ریسایکلینکردنی زبڵ و خاشاکە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشوازی لەو پرۆژەیە کراوە و لەو نزیکانە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پیسبوونی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ژینگەی سۆران و هاووڵاتییانی سۆران، پرۆژەیەکی باش پێشنیاز کراوە ئەویش ریسایکلینکردنی زبڵ و خاشاکە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لەو پڕۆژەیە کردووە لەو نزیکانە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەڤەری سۆران ناوچەیەکی گەشتیاری چوار وەرزەیە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ مەبەستی گەشت و سەیران رووی تێدەکەن، کاریگەی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیاریش بە ژینگەی سۆرانەوە دیارە کە بووەتە هۆی پیسبوونی.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دەڤەری سۆران بە شێوەیەکی گشتی کێشەی زبڵ و خاشاکی هەیە، چونکە رۆژانە نزیکەی 200 تا 300 تەن زبڵ و خاشاکی تێدا لەلایەن کۆمپانیەکان و تیمەکانی شارەوانی کۆدەکرێتەوە.

فەیسەڵ سادق، باسی لەوەشکرد، پلانێکی دیکە بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگەی سۆران پێویستە هۆشیاری زیاتر لەناو هاووڵاتییان و گەشتیاران بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی زبڵ و خاشاک فڕێنەدەن چونکە هەندێک شوێن هەیە دەستی تیمەکانی شارەوانی ناگات پێیان بۆیە پێویستە هاووڵاتییانیش یارمەتیدەربن لە خاوێنڕاگرتنی ژینگەی سۆران بە تایبەت شوێنە گەشتیارییەکان.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، داواکارە لە ‌هاووڵاتییان شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران پاکوخاوێن رابگرن و زبڵ و پاشماواکانیان بخەنە ناو سەبەتەی زبڵ، چونکە بۆ لەمەودوا تیمەکانیان چاودێری زیاتر دەخەنە سەر شوێنە گەشتیارییەکان و خاوەن شوێنە گەشتیارییەکانیش دەبێت یارمەتیدەربن لە خاوێنکردنەوەی ژینگەی ئەو شوێنە و هۆشیارکردنەوەی ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی دەکەن، ئەگەرنا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.