داعش 26 هاووڵاتیی گوندێکی پارێزگای حەمای سووریا لە کاتی لێکردنەوەی دۆمبەڵان دەکوژن

شاری حەما
شاری حەما

K24 – هەولێر:

لە هێرشێکدا چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی گوندێک لە پارێزگای حەمای لە سوریا  لە کاتی لێکردنەوەی دۆمبەڵان 26 هاووڵاتی دەکوژن.

سەرچاوەیەک لە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای حەما بە ئاژانسی "سانا"ی سوری راگەیاند، تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردوەتە سەر هاووڵاتییان کە دۆمبەڵانیان کۆدەکردەوە لە زەویەکانی گوندی دویزین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەما، 26 کەسیان کوشت لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا.

هەروەها راشیگەیاند، لە 17ــی شوباتی ئەمساڵیش، چەکدارانی داعش 53 هاووڵاتییان لەکاتی لێکردنەوەی دۆمبەڵان لە خۆرهەڵاتی شاری سوخنا لە گوندێکی رۆژهەڵاتی حمس کوشتووە.

ساڵانە مانگی شوبات وەرزی لێکردنەوەی دۆمبەڵانە، گرووپەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەردەوام لەو مانگەدا هێرشدەکەن سەر ئەو کرێکارانەی کە دەچن لە گوندەکان دۆمبەڵان لێدەکەنەوە و دەیانڕفێنن و دەیانکوژن.