ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە بودجەی بەکراوەیی بەجێهێشت

محەممەد حەلبووسی
محەممەد حەلبووسی

K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی بەکراوەیی بەجێهشت.

فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ بەکراوەیی جێهێلدراوە کە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە دانیشتنەکەدا، دوای ئەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی تایبەتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە خوێندەوە، لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بڕیاردرا، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە بۆ کاتێکی دیکەی ئەمڕۆ دووشەممە دوابخرێت.

بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد.

پێشتر فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی 16ـی نیسانی 2023ـی بڵاوکردەوە، کە پاش ئەوەی لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بە ئامادەبوونی لیژنەکانی دارایی، پلاندانان و راژەی فیدراڵی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دەکرێت.

رۆژی شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە بەدەستگەیشتووە و لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

قەبارەی بودجەکە بە گشتی زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕەش پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

دوای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: "لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت". باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.