هێزەکانی ئەمەریکا سەرکردەیەکی باڵای داعش لە سووریا دەکوژن

"ئەو کەسە بەرپرسیار بووە لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا"
.؛

K24 - هەولێر:

هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان کوشت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی، لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێلیکۆپتەر بەکارهاتووە و دوو کەسی دیکەش کوژراون، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئەو دوو کەسە سەر بە داعشن یان نا.

هەرچەندە ناسنامەی سەرکردەکەی داعش تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا باس لەوە دەکەن، ئەو کەسە بەرپرسیار بووە لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و لە ئاستێکی باڵای دەسەڵاتدا بووە لەنێو داعش.

لەو ئۆپراسیۆنەدا، هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و هێزەکانی ئەمەریکاش زیانی گیانییان نەبووە.

راپۆرتە ناوخۆییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن، هێلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی لە گوندی ئەلغەندورا لە سنووری شاری جەرابلوس نیشتووەتەوە و هێزەکانی ئەمەریکا داوینە بەسەر ماڵێکدا.