هاووڵاتییان لە وەرگرتنی نان و سەمون لەجیاتی ئارد سەرپشک دەکرێن

وێنەی سەمونێک لەنیو یەکێک لە نانەوەخانەکانی عێراق
وێنەی سەمونێک لەنیو یەکێک لە نانەوەخانەکانی عێراق

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق، هاووڵاتییان لە وەرگرتنی نان و سەمون لەجیاتی ئارد سەرپشک دەکرێن، بەشێوەیەک رۆژانە هەر هاووڵاتییەک چوار سەمونی بەردەکەوێت. 

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، عەسیر داود غورەیری، وەزیری بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وردەکاری نوێی سەبارەت بە پرۆژەی "نانی پاڵپشتیکراو" ئاشکرا کرد، کە بریتییە لە گۆڕینی ڕێژەی ئاردی ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن لەو خێزانانەی کە لە سیستەمی کارتی بەشەخۆراکیدا هاتووە بە سامون یان نان.

وەزارەتی بازرگانی عێراق روونیشیکردەوە، دەستپێشخەریی گۆڕینی پشکی ئارد بە نانی پاڵپشتیکراو ئارەزوومەندانە دەبێت.

بەگوتەی غورەیری، بڕیارەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک دراوە کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دراوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەشێکی زۆر لە خێزانەکان بەشەئاردی مانگانەیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن بە بریکارەکانی خۆراک.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزیری بازرگانی عێراق، هەر کەسێک 120 سەموون یان 90 نانی پێدەدرێت، کە رۆژانە دەبێتە چوار سەمون بۆ هەر کەسێک.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پڕۆژەکە یەکەم جار لە ناوچە دەوڵەمەندەکان دەستپێدەکات و بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت. هەر خێزانێک بیەوێت بە شێوەی نان و سەموون وەریبگڕیت لەڕێگەی کارتێکی ئەلیکترۆنییەوە بۆی دەکرێت.