15 هەزار پزیشکی جەزائیری لە فەرەنسا کار دەکەن

جەزائیر پلانێکی بەپەلەی راگەیاند بۆ راگرتنی ئەو پزیشکانەی دەچنە ئەوروپا

K24- هەولێر

حکومەتی جەزائیر پلانێکی بەپەلەی راگەیاند بۆ راگرتنی ئەو پزیشکانەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆریان کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا و بەتایبەتی فەرەنسا.

بەپێی ئاماری "ئەنجومەنی رەوشتی پزیشکی"، 15 هەزار پزیشک کە لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی پزیشکی جەزائیریان خوێندووە، لە ئێستادا لە کلینیکەکانی فەرەنسا کاردەکەن.

 بابەتی کۆچی پزیشکانی جەزائیر بۆ ئەوروپا بردرایە پەرلەمان، بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری تەندروستی و چاکسازی نەخۆشخانەکان.

عەبدولحەق سایحی، وەزیری تەندروستی جەزائیر، گوتی: لیژنەیەکی هاوبەش دروستکراوە، کە چەندین کەرتی کۆکردووەتەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەرزکردنەوەی کرێی پزیشکان و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن لە نەخۆشخانە و کلینیکە حکومییەکان، بە ئامانجی بە جێنەهێشتنی وڵات.

سایحی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەی پلە و پۆستی نوێی لە بواری پزیشکیدا دروستکردووە، هەروەها ماوەی ساڵانی پلە باڵای کەمکردووەتەوە، بە ئامانجی ئاسانکاری کردن بۆ گەیشتن بە پۆستە باڵاکان.

ئیلیاس مورابت، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تەندروستی گشتی، بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند،  لە ساڵی رابردوودا 1200 پزیشک جەزائیریان جێهێشتووە، چونەتە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا و لەوێ کاردەکەن.

مورابت، ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری ئەم کۆچکردنە بەرفراوانە بارودۆخی خراپی کارکردنە، هەروەها خراپی تواناکان لە نەخۆشخانەکان و کەمی ئامێرە پزیشکییە نوێیەکان.

روونیکردەوە، کۆچی پزیشکە لێهاتووەکانی جەزائیر لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی پزیشکەکانمان لە بارودۆخێکی خراپدان،هەروەها بێبەشن لە چەندین ئیمتیاز کە بژێوی ژیانێکی گونجاویان بۆ دابین دەکات، وەک ئاسانکاری بۆ بەدەستهێنانی قەرزی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل، بۆیە هەلی کار لە دەرەوەی وڵات دەدۆزنەوە، بۆیە بەبێ دوودڵی کۆچ دەکەن.

بیقات بورکانی، سەرۆکی ئەنجومەنی رەوشتی پزیشکی جەزائیر، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە ئێستادا 15 هەزار پزیشکی جەزائیری لە فەرەنسا کار دەکەن، بە ئاماژەدان بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی تازە دەرچوو بەهۆی نەبوونی شوێن بۆیان رووبەڕووی بێکاری بوونەتەوە، لە کاتێکدا هەلی کار لە فەرەنسا زۆرە، کە نەخۆشخانەکانی بەدەست کەمی پزیشکەوە دەناڵێنن.

وەزیری پێشووی تەندروستی جەزائیر، عەبدولڕەحمان بن بوزید، رایگەیاند، دیاردەی کۆچکردنی پزیشکان بۆ رۆژئاوا لەلای زۆرێک لە وڵاتانی دیکە ناسراوە، وەک میسر و هیندستان.