گرنگیدانی فەیسبووک بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ کەمبووەتەوە

K24 - هەولێر

راپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمپانیای "مێتا" کە تێیدا هاتبوو هەواڵ خزمەتگوزارییەکی سەرەکی نییە بۆ پلاتفۆرمی فەیسبووک.  

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، کە لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاری ئابووری "نیرا" سەر بە "مێتا"،  لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئامادەکراوە، ئاشکرای دەکات، هەواڵەکان کەمتر لە 3%ی ناوەڕۆکی فەیسبووک پێکدەهێنێت.

مێتا، ئەم کارەی بە رۆڵێکی ئابووری سنووردار زانیوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر دابەزینی بەخۆیەوە ببینێت، پێشی وایە هاوبەشکردنی هەواڵەکان لە فەیسبووکدا هیچ سوودێکی نییە.

هانی سیمۆ، شارەزای بواری راگەیاندن و پڕۆژە دیجیتاڵییەکان لە ئیمارات، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە کە پەیوەندی سوودمەندانەی نێوان فەیسبووک و بڵاوکەرەوەکان لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا لە روانگەی ئابوورییەوە هەڵسەنگێندرێت.

فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکن کە رێگە بە پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان راگەیاندن و خەڵک دەدەن، هەروەها ئامرازی کارلێککارن کە بۆ بڵاوکەرەوەکان پێویستن".

سیمۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا دەرفەت بۆ بڵاوکەرەوەکان دەڕەخسێنن بۆ ناسینی بینەر و ئارەزووەکانیان و تایبەتمەندیەکانیان، هەروەها ئەو ئامرازانەی کە لەلایەن پلاتفۆرمەکانەوە دابینکراون، کە رێگە دەدەن بە دەستنیشانکردنی ئەوەی کە بەناوبانگە و دەستنیشانکردنی رەوتی بینەر لە دەرەوەی پەیجەکانیان.

سیمۆ هۆکاری دابەزینی ئارەزووی فەیسبووک بۆ ناوەڕۆکی هەواڵەکانی بۆ کەمبوونەوەی داهاتی ریکلامی دیجیتاڵی گەڕاندەوە.

شارەزاکەی بواری راگەیاندن روونیشیکردەوە، "دامەزراوە گەورەکانی راگەیاندنی عەرەبی سەیری پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ناکەن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتەکانیان، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی تەواوکەری دەزانن، دەزگا میدیاییە گەورەکان ناتوانن تەنها بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان پشت بە داهاتی ریکلامی تۆڕەکان ببەستن.

سیمۆ پێشنیاری ئەوە دەکات، وەبەرهێنانی بەردەوامی دامەزراوەکانی راگەیاندن پێویستە بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجی کارەکانیان بێت.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەیەکی میدیایی سەرکەوتوو دەبێت وەبەرهێنان لەوەدا بکات کە لە دروێنەکردنی دیدگاکان تێدەپەڕێت، بە دڵنیابوون لە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی کاری پلاتفۆرمەکان.

لە راپۆرتی ساڵانەی رۆژنامەگەری و راگەیاندن و تەکنەلۆجیا بۆ ساڵی 2023 کە لەلایەن پەیمانگای رۆیتەرز بۆ لێکۆڵینەوە لە رۆژنامەگەری زانکۆی ئۆکسفۆرد بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە “لەسەدا 21ی بەکارهێنەرانی فەیسبووک پێیان وایە کە ناوەڕۆکی هەواڵ لەسەر پلاتفۆرمەکە زیاترە لە پێویست.

حاتم شولی، بەڕێوەبەری نوسینی کەناڵی "ئەلشەرق ئەلئەخبار"، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، لە ساڵی 2017دا دوای ئەوەی هەندێک لە دامەزراوە رۆژنامەوانییەکان لە ئوسترالیا داوای ئەوەیان کرد کە فەیسبووک پارەی ئەو خزمەتگوزارییە هەواڵییانە بدات کە پێشکەشی دەکەن، کۆمپانیاکەش هەڵسەنگاندنی بۆ سوودەکانی رادەی گرنگی ئابووری خزمەتگوزارییەکانی هەواڵ کردووە.

ئەلشولی گوتی: "ئێمە چاومان لە پلاتفۆرمێکی نوێ هەیە کە بە تایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی خزمەتگوزاری هەواڵ بە شێوە جۆراوجۆرەکانی بێت، هەروەها بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، بەتایبەتی کە هەواڵەکان گشتین.