گروپی حەوت بڕیاریاندا بەردەوامبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا

وێنەیەکی بە کۆمەڵی ئەندامانی گرووپی حەوت | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AFP
وێنەیەکی بە کۆمەڵی ئەندامانی گرووپی حەوت | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

 وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت "G7" لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و بەردەوامی سزادانی سەر رووسیا رێککەوتن.

ئەمرۆ دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت، لە کارویزاوان ژاپۆن کۆبوونەوە، دواتر راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێدا هاتووە، سزاکانی دژی رووسیا بەردەوام دەبن، "بەردەوامیش دەبین لە پشتییوانیکردنی ئۆکرانیا."

میدیاکانی ژاپۆن بڵاویانکردەوە، وەزیرانی وزە و ژینگەی گروپی حەوت، کە لە شاری ساپۆرۆی ژاپۆن کۆبوونەتەوە، نەیانتوانیوە وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی خەڵوز لە بەرهەمهێنانی وزەدا قۆناغ بە قۆناغ دیاری بکەن.

بەریتانیا و کەنەدا پێداگرییان کردووە لەسەر کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی خەڵوز، بەڵام ژاپۆن کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی کرد، ئامادە نەبوو لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی خەڵوز رێکبکەوێت.

گروپی حەوت رێکخراوێکە لە حەوت گەورەترین ئابووری وڵاتانی جیهان پێکهاتووە، کە بریتین لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا، ئەو گرووپە بەهاکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، دیموکراسی، سەروەری یاسا، خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی بەردەوام وەک بنەما سەرەکییەکانی خۆی وەردەگرێت.