کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدرا

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە

K24 – هەولێر:

رۆژی دووشەممە (17ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماسيو مكفارلن، فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی رێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا هەیە. هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و رێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەلایەن خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشاندا.

هەروەها فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا، بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپاتكردەوە.