وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت لە ژاپۆن کۆبوونەوە

وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت

K24 - هەولێر:

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەخت لەسەر هەڵوێستی هاوبەش و نەگۆڕیان دەکەنەوە سەبارەت بە چین، هاوکات وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایدەگەیەنێ، یەکڕیزی و هاوبەشی کۆمەڵەی حەوت بەرامبەر هەر پرسێک تا ئەوپەڕ گرنگە.

ئەمڕۆ (دووشەممە 17ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن) لە هاوینەهەواری کارۆیزاوای ژاپۆنی دەستی بە کارەکانی کرد و بڕایار وایە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەکە لە دەستپێکی کۆبوونەوەی نێوانیاندا سەرنجیان خستە سەر چین و ئاڵنگارییە هەرێمییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا یۆشیماسا هایاشی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هانی ئامادەبووانی دا کە نیشانی جیهانی بدەن کۆمەڵەی حەوت بەرگری لە سیستەمی ئێستای جیهان دەکات کە لەسەر سەروەری یاسا دامەزراوە.

سەرەڕای بابەتی چین و ئاڵنگارییە هەرێمییەکان، پرسی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا یەکێکی تر بوو لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت گفتوگۆی لەسەر کرا و وەزیرانی بەشداربوو بە پێویستیان زانی سزاکان بۆ سەر رووسیا چڕ بکرێنەوە.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی کۆمەڵەی حەوت دوای ئەوە دێ هەفتەی رابردوو ئیمانوێڵ ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "لەسەر ئەورووپا پێویستە دەست لە هەموو کێشە و تەنگژەیەک وەرنەدات کە کێشە و تەنگژەی ئێمە نییە."