نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی تووشبووان بە سوورێژە لە یەمەن

یەمەن
یەمەن

K24 - هەولێر:

راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی سوورێژە لە یەمەن زیاتر لە نۆ هەزاری تێپەڕاندووە و بەهۆیەوە دەیان منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە یەمەن لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، نەخۆشی سوورێژە لەناو منداڵانی یەمەن بەشێوەیەکی کوشندە بڵاوبووتەوە و لەوەتەی سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا 9418 منداڵ تووشبوونە و لەناویشیاندا 77 منداڵی تر بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان روونیکردووەتەوە، بەهۆی کوشندەیی نەخۆشییەکە، دەیان منداڵ ئیفلیج بوونە و ژمارەی ئەوانەی لە ئەنجامی نەخۆشییەکەدا تووشی پەتای دیفتیریا و کۆکەی کەڵەشێر بوونە لە بەرزبوونەوەدایە.

ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە، ساڵی رابردوو 22 هەزار کەس لە یەمەن سوورێژەیان گرتووە و لە کۆی ئەو ژمارەیەشدا 161 حاڵەتی مردن تۆمار کراوە. راپۆرتەکە هەروەها هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی رێژەی نائاسایی گاینلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی خۆراکی تەندروست.