کحولی ژەهراوی لە هیندستان لانیکەم 27 کەس دەکوژێت
K24 - هەولێر:
لە ویلایەتی بیهار لە رۆژهەڵاتی هیندستان، لانیکەم 27 کەس بەهۆی خواردنەوەی مەی گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا راپۆرتە پشتراستنەکراوەکان باس لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 40 کەس دەکەن.
لە چەند ناوچەیەکی هیندستان، خواردنەوە و فرۆشتنی مەی قەدەغەیە، ئەمەش بازاڕی رەشی خواردنەوە کحولییەکانی گەرمکردووە و ساڵانە سەدان کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوییەوە گیان لەدەستدەدەن.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆ دوایین کارەساتی لەوجۆرە لە هیندستان، دەریانخستووە کحولێکی ژەهراوی تێكەڵی خواردنەوەیەکی ناکحولی کراوە و بەهۆیەوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک گیانیان لەدەستداوە.
جیتێندێر کومار، ئەندامی پۆلیسی ویلایەتی بیهار بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا 27 حاڵەتی مردن تۆمار کراوە.
کومار گوتیشی: زۆرینەی قوربانییەکان لە خێزانە هەژارەکانن و خواردنەوەی کحولیی هەرزانیان خواردووەتەوە، کە لە ناوخۆی ویلایەتەکە دروستکراوە.
پۆلیسی ویلایەتی بیهار لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا، 174 کەسیان بەتۆمەتی تێوەگلان لە دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان دەستگیرکردووە.
ئاماژە بەوەشدرا، لە چەند هەڵمەتێکدا زیاتر لە 900 لیتر خواردنەوەی کحولی دەستیبەسەردا گیراوە و دواتریش لەناوبران.