نزیکەی 200 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابان خەرج دەکرێت

كۆشكی مەجید پاشای بابان - ئەرشیف
كۆشكی مەجید پاشای بابان - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، رەزامەندیان داوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی 200 ملیۆن دینار بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، بەپێی فەرمانێكی وەزاری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (199،305،000) سەد و نەوەد و نۆ ملیۆن و سێسەد و پێنج هەزار دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو كۆشكە یەكێكە لە شوێنە كەلەپوورییە دێرینەكانی سنوورەكە و جێی بایەخی خەڵكی دەڤەری گەرمیان و گەشتیارانە، هاوكات ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی بیناسازی كۆن و شوێنە كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێكی زۆر بە شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابانیش یەكێكی دیکەیە لە بایەخدانەكانی حكومەت بە سێكتەری شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان.