60 خولەک؛ لەوانەیە ئەمشەو ببێتە کۆدی سەرکەوتنی چێڵسی

یاریزانانی چێڵسی لەکاتی راهێنانەکان
یاریزانانی چێڵسی لەکاتی راهێنانەکان

لەوانەیە 60 خولەک ببێتە کدۆی سەرکەوتنی ئەمشەوی چێڵسی، کە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریی گەڕانەوە لە ستامفۆرد بریدج میوانداریی ریال مەدرید دەکات.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکردووە، تۆد بۆیلی خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر برایتۆن پێش ئەوەی رووبەڕووی ریال مەدرید ببنەوە چووەتە ژووری جلگۆڕین و بۆ ماوەی 60 خولەک قسەی لەگەڵ یاریزانانی بلووز کردووە و هانی داون بۆ ئەوەی بیر لە ریمۆنتادا بکەنەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بۆیلی لە ژووری جلگۆڕین بە یاریزانەکانی گوتووە پێویستە هەموو هەوڵێک بدەن بەرامبەر ریال مەدرید ریمۆنتادا بکەن بۆ ئەوەی رووی خۆیان بەرامبەر هاندەرانیان سپی بکەنەوە، کە لەم وەرزە تا ئێستا بلووز سێ راهێنەری گۆڕیوە و ئەنجامەکانی خراپن و دوایین سێ یاریی دۆڕاندووە و لە پرێمەرلیگ لە پلەی یازدەمی خولەکە دێت.

چێڵسی لە یاریی چوون لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ 2-0 تووشی دۆڕان بوو، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی پێش کۆتایی پێویستە ئەمشەو 3-0 یان بە جیاوازیی سێ گۆڵ لە مێرێنگی بباتەوە.