لە عێراق هەشت کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا

باڵەخانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا
باڵەخانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا

K24 - هەولێر:

 دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت تاوانباردا سەپاند کە بە راکێشانی زیندانییەکانی ناو زیندانەکانی داعش تۆمەتبار کرابوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی نیسان 2023، دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، دادگای تاوانی رەسافە سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت کەسدا سەپاندووە، کە لە بەشی چاکسازی عێراقی، زیندانی تاجی و زیندانی کیفل و زیندانی کەرخ، زیندانن، بەهۆی ئەوەی بەیەکەوە پەیوەندیان کردووە بە زیندانیانی داعشەوە بۆ پێکهێنانەوە و پلاندانان بۆ هەڵهاتن لە زیندانەکان و دروست کردنەوەی هەیکەلیەتی رێکخراوەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تاوانبارەکان دانیان بەوەدا نا کە رێنماییان وەرگرتووە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی داعش لەناو زیندانەکاندا، هەروەها راکێشانی زیندانییەکان و دامەزراندنی میر و فەرماندەکان و بەستنەوەیان بە رێکخراوی داعش، ئەمەش دوای ئازادکردنیان لە زیندانەکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دادگا بڕیارەکەی بەپێی ماددەی چوارەم و ماددەی دووەم 3ی یاسای دژە تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرکردووە."