کۆشکی مەجید پاشای بابان نۆژەن دەکرێتەوە

K24 - کفری

شارۆچکەی کفری لە دەڤەری گەرمیان کە خاوەنی زۆرترین ناوچەی شۆینەوارییە، زۆرینەی ئەو شوێنەوارانە بەهۆی کۆنی و پشتگوێخستنیان داڕووخاون، بۆ پارێزگاریکردن لەو شوێنەوارانە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابان تەرخانکردووە.

لەوبارەوە عوبێد محەممەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە کوردستان24ی راگەیاند: "چەندین جار دەخستەمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشا، پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رەزامەندی درابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی، بەڵام بەهۆی هەڵەی تەکنیکی دواکەوت، ئێستا فەرمان دەرچووە کە پڕۆژەکە جێبەجێ بکەین، هەر کاتێک بڕی پارەی تەرخان کراو بگاتە دەستمان دەست دەکەین بە پڕۆژەکە".

کۆشکی مەجید پاشا، لە سەدەی نۆزدە لەلایەن بنەماڵەی بابانییەکانەوە بنیادنراوە، لەکۆنیشدا دەیان کۆبوونەوەی گەورەی هۆزەکانی کوردستان و عێراقی تێدا ئەنجامدراوە و ببووە ناوەندێکی سیاسی گرنگ، ئێستاش بووەتە بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی کفری.

یەکێك لە بنەما سەرەکیەکانی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران، ناوچەی شوێنەوار و کولتووری و کەلەپوورییە. تەنها لە شارۆچکەی کفری زیاتر لە 300 شوێنی شوێنەواری کولتووری و کەلەپوورییەی هەن، بەڵام زۆربەیان داڕوخاون.