بەهۆی هەڵسوکەوتێکی، یانەی نەسڕ گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڵدەوەشێنێتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەی لە یاریی بەرامبەر هیلال ئەنجامی دا، هەڕەشەی دەرکردنی لە سعوودیە لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و لەوانەیە یانەی نەسڕ گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

دوای کۆتایی یارییەکەیان بەرامبەر هیلال لە یاریی دێربیی ریاز کە 2-0 دۆڕان، کاتێک هاندەرانی هیلال هاواریان دەکرد 'مێسی، مێسی، مێسی'، کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووڕەبوو هەڵسوکەوتێکی ناشرینی بەرامبەر هاندەرانی هیلال کرد، کە گرتەی هەڵسوکەوتەکەی دۆن لەلایەن هاندەرانەوە گیراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی تووڕەبوونی هاندەرانی یانە شینپۆشەکە.

پێشتر ساڵی 2008 ئەلحەسەن کیتا یاریزانی ئیتیحاد لە یاریی بەرامبەر شەباب بەهۆی هەڵسوکەوتێکی ناشرینی لە خولی سعوودی دەرکرا و گرێبەستەکەشی هەڵوەشێنرایەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکرێت کریستیانۆ بەهۆی هەڵسوکەوتەکەی رووبەڕووی هەمان سزا ببێتەوە و لە خولی سعوودی دوور بخرێتەوە و گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەی نەسڕ هەڵبوەشێنرێتەوە.

هاندەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە لێژنەی سزادان و تەمبێکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعوودیە دەکەن کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی سزایەکی قورس بێتەوە، تەنانەت فەیسەل ئەبوسنەین یاریزانی پێشووی هیلال لە تویتەر لەبارەی هەڵسوکەوتەکەی دۆن نووسیویەتی: فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعوودیە لەژێر پرسیاردایە و پێویستە لەبارەی ئەو هەڵسوکەوتە ناشرینە هەڵوێستی هەبێت'.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرەتای ئەمساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی نەسڕ کرد و تا ئێستا لە خولی نایابی سعوودیە 11 گۆڵی تۆمارکردووە، کە مووچەی سالانەی 200 ملیۆن یۆرۆیە.