سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاری لە پۆستەکان دەکات

K24 – بەغدا

سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت گۆڕانكاری لە پۆستی چەند وەزیرێكی كابینەكەی بكات، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەناو وەزارەتەكان، ھاووڵاتی و كاسبكارانی عێراقیش دەڵێن: دوای گۆڕینی چەندین كابینەی حكومەت و بەڵێنی گۆڕانكاری و ئەنجامدانی چاكسازی و نەھێشتنی گەندەڵی ھیچی لە ژیانی ھاووڵاتییان نەگۆڕیووە و ئەوەی گوتراوە تەنیا قسە بووە و نەبووەتە كردار.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا بەناوی خەلەف رەزاق، دەڵێت: "حكومەتی سەدام حوسێن رۆیشت و حکومەتەکانی پاش ئەویش هاتن، بەڵام هیچ گۆرانکاریەکمان نەبینی، راستەوخۆ لەگەڵ سوودانی و وەزیری ناوخۆ قسەم کرد کە دۆخی ئابووریمان زۆر خراپە، بەڵام هیچمان بۆ نەکرا".

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، یەکێکە لە حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، وتەبێژی ئەنجومەنەکە ئاشکرای دەکات، کە محەممەد شیاع سوودانی دەیەوێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا گۆڕانکاری لە چەند وەزیری کابینەکەی بکات و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی هەر هەنگاوێكی سوودانی دەکات.

عەلی دەفاعی، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "گۆڕانکاری وەزاری لە کابینەکەی سوودانی دەکرێت، وەک خۆی پێشتر باسی کردووە، لیژنەیەک لەوبارەیەوە پێکهێنراوە بۆ بەداوداچوون لەکارەکانی وەزیرەکان، ئەم هەنگاوە یەکەمجارە لە عێراق روو بدات و ئێمەش وەک چواچێوەی هەماهەنگی پشتگیریی تەواوی سوودانی دەکەین".

هەر لەسەرەتای دەستبەکار بوونیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی ئاشکرای کرد، کە کار لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی دەكات، نزیکەی حەوت مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی تێپەریووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە گەندەڵکاران دەستگیر بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت پێنج وەزیر لە کابینەکەی بگۆڕێت، ئەویش بەهۆی بنبڕ نەکردنی گەندەڵی لە وەزارەتەکانیان، لە بەرامبەریشدا بەڕای شارەزایانی سیاسی، ئەم هەنگاوەی سوودانی، عێراق بۆ چوارگوشەی یەکەم لە دەستبەکاربوونی حکومەت دەگەڕێنیتەوە.