سەدا 15ی بودجەی عێراق بۆ دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان تەرخانکراوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - بەغدا

%15ی پشکی بودجەی عێراق بۆ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان تەرخانکراوە، ئەمەش نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، شارەزایەکی ئەمنی دەڵێت: ئەو بەشە بودجەیە ساڵانە بەهۆی گەندەڵییەوە بەهەدەر دەدرێت و  بەجۆرێک رەنگدانەوەی هەیە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانی پاراستنی سنووری وڵات و بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوخۆیان نییە.

ساڵح خەفاجی، دانیشتووی بەغدایە سەرەڕای كەمئەندامبوونی، بەڵام لەپێناو بەردەوامبوون لە ژیان توانیوویەتی لەگەڵ ئازارەكانیدا بژیت، قاچی ڕاستی دووجار بڕاوەتەوە، جاری یەکەم لە شەڕی عێراق – ئێران، بریندار بووە و جاری دووەمیش لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق بەر تەقینەوە کەوتووە، ئەو ئێستا بە عەرەبانەیەکەوە کار بۆدابینکردنی بژێوی مناڵەکانی دەکات و دەڵێ "قوربانی خراپی دۆخی ئەمنی ئەم وڵاتەم".

وەکخۆی گوتی: "لە شەڕی ئێران و عێراق و بە تەقینەوە قاچی راستم دووجار بڕایەوە، بۆیە ژیانێکی پڕ نەهامەتیم هەیە، چونکە کەمئەندام بووم بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ئەم وڵاتە، ئێستاش هیچ پاڵپشتیەکی تەندروستی و ماددی ناکرێین".

%15 پڕۆژە بودجەی ساڵی2023 کە دەگاتە 30 ترلیۆن دینار بۆ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکراوە.

نوار موسەوی شارەزای ئەمنی، رایگەیاند: "دەبیستین کە گرێبەستی وەبەرهێنان و پڕۆژەی زەبەلاح دەکرێت بۆ کەرتی سەربازی و کڕینی چەک و فڕۆکە، ئەمە لە پڕۆژە بودجەکانی رابردووش هەبوون، بەڵام کەرتی سەربازی هەر لە شوێنی خۆیەتی، گەندەڵی لەناو دامەزراوە ئەمنییەکان بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراوە وەک دامودەزگاکانی تر، هێزە ئەمنییەکان چەند پڕ چەک بکرێن، بەڵام هەر ناتوانن ئەمنییەتی عێراق و سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن".

ژمارەی کارمەندانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار کەسە، 160 هەزار ئەندامیان سەر بە گرووپەکانی حەشدی شەعبین و لەنێو پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023 نزیکەی سێ ترلیۆن و پێنج سەد ملیاردیناریان بۆ تەرخانکراوە، زۆری ئەو بڕە پارەش نیگەرانی لێكەوتووەوە.