یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەم وڵاتانە راگەیەندرا

مانگ
مانگ

K24 - هەولێر:

وڵاتانی مالیزیا و ئەندۆنیسیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا رایانگەیاند، رۆژی شەممە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و سبەی هەینی تەواوکاری مانگی رەمەزانی پیرۆزە.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 20ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) هەریەکە لە وڵاتانی مالیزیا، ئەندۆنیسیا، ژاپۆن، سەنگاپوورە، میرنشینی برۆنای، ئوسترالیا و تایلەند رایانگەیاند، سبەی هەینی تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت و رۆژی شەممە 22ـی نیسان دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و یەکەم رۆژی مانگی شەوال بەپێی رۆژمێری کۆچی.

بەهۆی جیاوازی کاتەوە، کە لەو وڵاتانە زووتر بەکاتی هەرێمی کوردستان خۆرئاوادەبێت، بۆیە زووتر لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە بڕیاردەدەن.

هەرچەندە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان، وەقفی سوننی عێراق و وڵاتی سعوودیە لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە، بڕیاریان نەداوە، بەڵام وڵاتی لە تورکیا بە فەرمی راگەیاندرا، سبەی هەینی (21ـی نیسانی 2023)، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.