ئەمەل جەلال: ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکان رێبەری گەشتیاری دیاری دەکرێت بۆ نیشاندانی شوێنە گەشتیارییەکان بە گەشتیاران

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەکرێت رێژەی گەشتیارانی ئەمساڵ زیاتر بێت لەچاو ساڵانی پێشوو، هەروەها دەشڵێت: "ئەمساڵ کارئاسانی تەواو بۆ گەشتیاران دەکرێت بۆ ئاسان گەیشتنیان بە شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمەش لە رێگەی رێبەری گەشتیاری دەبێت کە دەستەی گەشت و گوزار دیاریدەکات".

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمسال جیاواز لە ساڵەکان رێژەی گەشتیاران لەم جەژنە زیاتر بێت بەهۆی ئەو ئارامی و سەقامگیرەی کوردستان و سرووشتە دڵڕفێن و شوێنە گەشتیارییەکان.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزارراشیگەیاند، هەماهەنگییەکی باش هەیە لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و دروستکردنی کەشێکی ئارام لە رووی دەروونییەوە بۆ گەشتیاران.

ئەمەل جەلال، باسی لەوەکرد، ئارامی شار و سەقامگیری و هەبوونی پرۆژەیەکی زۆری گەشتیاری، وادەکات کەرتی گەشتوگوزار گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و لە کوردستان گشت ئەو خاڵانە رەچاوکراوە.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکان رێبەری گەشتیاری دابینکراوە بۆ بەرچاو روونی گەشتیاران و سەردانیکردنیان بۆ شوێنە کلتوری، مێژوویی، ئایینی و گەشتیارییەکان.

سەبارەت بە هەبوونی کۆمپانیای گەشتیاری و رێبەری گەشتیاری ئەمەل جەلال گوتی: "لە رێگەی ئەو رێبەرانەی کە دەستەی گەشتوگوزار دیاریدەکات بۆ کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری، کۆمپانیا گەشتیارییەکان پابەند دەکرێن بەوەی رێبەری گەشتیاری تایبەت بەخۆیان هەبێت و شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکان بە گەشتیاران ئاشنابکەن.

هەروەها گوتیشی: "دوای جەژن رێبەرەکان دەستبەکاردەبن، لە رێگای خولێک ئامادەدەکرێن بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکان بە گەشتیاران، کە ئەمەش دەبێتە دەرفەتی کار بۆ رێبەرەکان لە هەردوو کەرتی تایبەت و حکومی.