پشتیوان سادق: سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت بەردەوام دەبێت

"هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن"

K24 – هەولێر

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی تیمی حکومەت بۆ سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان رایدەگەیەنێت، سەردان و گفتوگۆیان بەردەوام دەبێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان.

پشتوان سادق، وەزیری ئەوقاف لەکاتی بەشداریکردنی لە نوێژی جەژن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکاران گوتی: "ئێمە لە حکومەت پێکەوە ئیش دەکەین، بۆیە ئەم سەردانانە شتێکی ئاساییە، پرۆسەی سەردانیکردنی جێگری سەرۆکی حکومەت بەردەوام دەبێت، ناکرێ بڵێین کۆتایی هاتووە یان گەیشتوینەتە ئەنجام، بەڵام بەردەوام دەبین".

گوتیشی: "ئەو کێشانەی کە هەن کێشەی گەورە نین تا چارەسەر نەکرێن، دەکرێ بە گفتوگۆ لەناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەین".

پشتیوان سادق کە لە هەمانکاتدا ئەنجامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێت: "پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنەکان پەیامی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە و حزبەکان وەسیلەن بۆ خزمەتکردنی خەڵک، لێرەشەوە جەخت تەئکید دەکەینەوە کە دەستی تەبایی و یەکڕیزی بۆ لایەنەکان درێژ دەکەین و هەموومان پێکەوە دەتوانین خزمەت بکەین، هیودارم دوایی جەژن بتوانین هەنگاوەکانی پێکەوەیی بەهێزتر بکەین".

هیواشی خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتەوایی بۆ گەلی کوردستان.

رۆژی 17/4/2023، تیمێکی حکومەت بە مەبەستی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا دوو پێشنیاز خراونەتە بەردەم تیمی وەزاری یەکێتی، پێشنیازی یەکەم ئەوە بووە قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی پێکەوە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەوێ قسە لەسەر کێشەکان و چارەسەرکانی بکرێت. پێشنیازی دووەم ئەوە بووە کە سەرەتا تیمی وزاری یەکێتی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.