گرووپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا پشتیوانی زیاتری سەربازی کیێڤ دەکات

گرووپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا
گرووپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

یازدەیەمین کۆبوونەوەی گرووپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا کۆتایی هات، دوای کۆبوونەوەکە ئەمەریکا پشتیوانی بەردەوامی خۆیی و گروپی هاوکاریەکەی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا  ئاشکرای دەکات، گروپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا زیاتر لە 230 تانکی بۆ کیێڤ دابین کردووە، جەختیشی کردەوە کە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد کاتێک بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، "لە ماوەی چەند مانگێکدا گرووپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا زیاتر لە 230 تانک و هەزار و 550 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و کەلوپەل و تەقەمەنییان ناردووەتە ئۆکرانیا تا پاڵپشتی لە نۆ لیوای نوێی زرێپۆش بکەن، هەروەها کاتی ناردنی تانکی ئێم وەن ئەبرامزمان خێراترکردووە، بۆ ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا زرێپۆشی زیاتر بدەینە ئۆکرانیا، پوتن لێکدانەوەی هەڵەی کرد کاتێک زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر فەرمانی داگیرکردنی ئۆکرانیای دەرکرد، وایزانی ئۆکرانیا ناوێرێت شەڕ بکات، بەڵام ئۆکرانیا بە هاوکاری هاوبەشەکانی بە بەهێزی ماوەتەوە، پوتن وایزانی درز لە یەکگرتوویمان دروست دەبێت، بەڵام بڕیاری رووسیا بۆ جەنگ ئێمەی زیاتر لێک نزیک کردووەتەوە."

گروپی هاوکاری بەرگری ئۆکرانیا لە 54 وڵات پێکهاتووە، بە بەهای زیاتر لە 55 ملیار دۆلار کەلوپەل و پێداویستییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە، لە ناویاندا تەنیا ئەمەریکا بە بەهای 35 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی داوەتە ئۆکرانیا.

لەلایەن خۆیەوە، مایک میڵی، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپای ئەمریکا گوتی، "ئەمەریکا 35 ملیار دۆلاری هاوکاری سەربازی تەرخان کردووە، لە نێویاندا دوو ملیۆن گولـلـە تۆپی تانک و تۆپهاوێژ هەن، دەیان هەزار سیستمی دژە زرێپۆش بەرگری ئاسمانی، سەدان تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و مووشەکی پێشکەوتووی دابینکردووە، ئێستا دوو هەزار و 500 سەربازی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت، نزیکەی نۆ هەزار سەربازیش مەشقیان تەواو بووە و گەڕاونەتەوە بەرەکانی شەڕ لە وڵاتەکەیان، بەم دواییانەش 65 سەربازی ئۆکرانی لەسەر سیستمی مووشەکی پاتریۆت مەشقیان تەواوبووە."

هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا و پێشڕەوییەکانی لە شاری باخمووت بەردەوامە، هاوپەیمانانی ئۆکرانیاش کار بۆ خێراکردنی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ کیێڤ دەکەن و جەختیش دەکەنەوە، ئەم شەڕە تەنیا بۆ ئاسایشی ئەوروپا و ئەمەریکا نییە، بەڵکو بۆ سەقامگیری تەواوی جیهانە.