وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق: یه‌ده‌گی ئاوی عێراق سەدا 30 زیادیكردووه‌

دیمەنێکی بەنداوی دیوانییە لە عێراق
دیمەنێکی بەنداوی دیوانییە لە عێراق

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، قەبارەی یەدەگی ئاو لە سەرەتای وەرزی باران بارینه‌وه‌ تا ئێستا بە رێژەی 30% زیادیکردووە.

خالد شه‌مال گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەداوه‌، پلانی کشتوکاڵی هاوینە پارێزگاری لە باخە بەرهه‌مدارەکان و بەربوومی دیکە دەکات، ئەگەر به‌ردانه‌وه‌ی ئاو لە تورکیا به‌باشی به‌ڕێوه‌ بچێت ئەوا رێگە به‌پلانی کشتوکاڵی هاوینەی بچووک و مامناوەند دەدرێت.

شه‌ماڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، دۆسیەی ئاو پێویستی بە هەماهەنگی هەمووانە و حكومه‌تی عێراق و تورکیا رێککەوتوون رێژەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی دیجلە بۆ ماوەی مانگێک زیاد بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی (یەکشەممە 16ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) عەون دیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە یەک کاتدا دیدار و کارەکان لەنێوان لایەنی عێراقی – تورکی و عێراقی – ئێرانی سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراق لە هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات بەردەوامیان هەیە. روونیشیکردەوە، وەزارەتی سەچاوە ئاوییەکانی عێراق داوەتنامەی ئاراستەی عەلی ئەکبەر میحرابییان، وەزیری وزەی ئێران کردووە بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ ئاو کە بڕیار وایە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دانوستان و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئاراستەیەکی ئەرێنییان وەرگرتووە بەتایبەتی کە لە سەردانییەکەی ئەم دواییانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر کرایەوە و بڕیار درا بە ناردنی تیمێکی هونەری عێراقی بۆ تورکیا لە ئاییندەیەکی نزیکدا، کە پێشبینی دەکەن سەردانەکە دوای جەژنی رەمەزان بێت.

عەون دیاب گوتیشی، هەنگاوی کردەیی نراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی پێشوو لەنێوان عێراق و تورکیا کە پەرلەمانی هەردوو وڵاتیش پەسندکراوە و یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکەش یەکلاییکردنەوەی بەشە ئاوی عێراقە لە رووباری دیجلە. دیاب باسی لەوەشکرد، بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە باشتر دەبێت بەتایبەتی کە لایەنی تورکی لەمبارەیەوە پابەندن بە رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا.