لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا؛ زیاتر لە 7000 رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان کاری میدیایی دەکەن

ئەمڕۆ 125 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت
رۆژنامەی کوردستان و وێنەی میقداد مەدحەت بەدرخان
رۆژنامەی کوردستان و وێنەی میقداد مەدحەت بەدرخان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 22ـی نیسانی 2023، 125 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارتی رۆشنبیری کە تۆمار کراوە، 144 کەناڵ و دەزگای میدیایی ھەیە و 147 رادیۆش مۆڵەتیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارتی رۆشنبیری بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە پێی ئامارەکانی وەزارتی ڕۆشنبیری کە تۆمارکراوە، 144 کەناڵ و دەزگای میدیایی ھەیە و 147 رادیۆش مۆڵەتیان وەرگرتووە، زیاتر لە حەوت ھەزار رۆژنامەنووسیش لە هەرێمی کوردستان کاری میدیایی دەکەن.

ئێزگەی دەنگی کوردستان وەک یەکەم رادیۆ و دەزگای میدیایی ناوی تۆمارکراوە لە وەزارتی رۆشنبیری.

عەبدولرەزاق عەلی، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی کوردستان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای راپەڕین دەرفەتی زێڕین ھاتەپێشەوە بۆ دەزگا میدیاییەکان و زەمینەیەکی ئازادی فراوان رەخسا و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بووە ھۆکارێک بۆ زیادبوونی دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکان لە باشوری کوردستان

رادیۆی دەنگی کوردستان کۆنترین ئێزگە و دەزگای میدیایی کوردییە کە لەسەردەمی شۆڕش و لە پێویستییەکی مێژوویدا لە 29 ئەیلولی 1963 لە شاخ، کە دەنگی کورد تەنیا لە چیاکان دەبیسترا و نە دەگەیشتە ھیچ شوێنێک.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش لەلای خۆیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "بەبۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن رەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم".