نەزاکەت حوسێن: پێویستە میدیا و میدیاکاران رۆڵی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا ببینن

نەزاکەت حوسێن
نەزاکەت حوسێن

K24 - هەولێر:

نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە پەخشی راستەوخۆی کوردستان24ـدا ئاماژەی بە گرینگی پەیامەکەی  سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، کرد، بە بۆنەی لە 125ـمین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەری کوردی بڵاویكردبووه‌وه‌ و رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو و لەوەتەی دروستبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ئازادانەی کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان دروستبووە، کە بەهۆیەوە توانراوە ئاستی کاری رۆژنامەوانی پێشبخرێ و رۆژنامەنووسان پیادەی کاری پیشەییانەیان بکەن.

سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان هەروەها سەرنجی خستە سەر ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی، پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ئاماژەی زۆر گرینگی لەخۆگرتبوو، بەشێوەیەک چەندین شیکار و راڤە هەڵدەگرێت، کە تێیدا رۆزنامەنووس بە خەمی هاووڵاتی و خەمی نیشتمان و بەها بەرزەکان و ئەرک و کاری پیشەییانەی خۆیەوە پابەند دەکات، لە بەرامبەریشدا پشتیوانی لە ئازادی رادەربڕین دەکات، کە ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە لە هەرێمی کورستان لەلایەن خودی سەرۆکوەزیرانەوە پشتيوانی لە کاری میدیایی و ئازادی رادەربڕین دەکرێت.

نەزاکەت حسێن گوتیشی: "مایەی هەڵوەستەیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رووە و رۆژنامەنووسان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە میدیا نابێت ببێتە بەشێک لە هاندانی کاری توندوتیژی کۆمەڵایەتی و وەک سەکۆیەک بۆ ململانێی یەکدی بەکاربهێنرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە دوور بێ لە بەرهەمهێنانی توندوتیژی پێویستە میدیا و میدیاکاران رۆڵی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا ببینن".