د. کێیت داردین: ئەمەریکییەکان لەگەڵ ئەوەن کورد مافی چارەی خۆنووسینی هەبێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

لەنێو خەڵکی ئەمەریکا، ئەوانەی کە شارەزای مێژووی کوردن یاخود لە عێراق و ناوچەکە کاریان کردووە، هاوسۆزییەکی زۆر بۆ خەڵکی کورد هەیە و پێیانوایە دەبێت حکومەتی وڵاتەکەیان رێگە نەدات رژێمەکانی ناوچەکە کورد بچەوسێننەوە.

پرۆفیسۆر د. کێیت داردین لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگشتی هاوسۆزییەکی باش هەیە بۆ گەلی کورد و دۆزی کورد.

نووسەر و ئەکادیمییەکانی ئەمەریکاش رۆڵی باشیان گێڕاوە لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە دۆزی کورد.

ئەمەریکا لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق کاری کرد بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لەنێو دەستووری عێراق.

کێیت داردین، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ئەمەریکا باسی لەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر سەربازانی سوپای ئەمەریکا دەناسێت کە کاریان لەگەڵ کوردان و پێشمەرگە کردووە و دڵسۆزن بۆ کورد.

د. کێیت داردین دەڵێت: زۆرجار هەستمان بە بێزاری کردووە کە حکومەتەکەمان بەپێی پێویست هاوکاری کوردی نەکردووە.

بە بڕوای ئەو پرۆفسیۆرە، لەنێو ئەمەریکییەکاندا هاوسۆزییەکی گشتیی هەیە بۆ کوردەکان بۆ چارەی خۆنووسین هاوشێوەی ئەو پاڵپشتییەی بۆ ئۆکرانیا، ئەرمینیا و هەموو ناوچەکانی دیکە کە خەڵکەکەیان لە مێژوودا چەوسێندراونەتەوە.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەردەمی رژێمی بەعس کە دەیان هەزار کورد جینۆساید و ئەنفالکران، ئەمەریکا رۆڵی هەبوو لە وەستانی زەبر و زەنگی رژێمەکە و سنوورێکی بۆ دەستدرێژییەکانی دانا. ناوبراو گوتیشی: لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ئەمەریکا کاری بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەی کورد لەنێو دەستووری فیدڕاڵیی عێراقدا کرد.

بەیان سامی ئاماژەی بەوەشدا، لە شەڕی داعش کە رێکخراوەکە بەشێکی خاکی کوردستانی داگیرکرد، ئەمەریکا سەرکرادیەتیی هاوپەیمانانی کرد بۆ کۆتایهێنان بە رێکخراوی داعش.

حکومەتی ئەمەریکا لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا جگە لە پاڵشتییە داراییە راستەوخۆکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵی یەکگرتنەوەیان، هاوکات ئاژانسەکانی ئەو وڵاتە ژمارەیەک پڕۆژەیان لەنێو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. بەپێ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ساڵی 2014ەوە بە بەهای نزیکەی پێنج ملیار دۆلار هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە.