ڤیان دەخیل: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هیچ کارێکی بۆ ئاوارەکان نەکردووە بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەین

ڤیان دەخیل
ڤیان دەخیل

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەینێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یەکێکە لەو وەزارەتانەی زۆرترین گەندەڵی تێدایە و هیچ کارێکی بۆ ئاوارەکان نەکردووە، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەزارەتە دەکەن.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ــی راگەیاند، تاکو ئێستا حکومەتی عێراق کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە، لە کاتێکدا زیاتر لە 10 وڵات کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساندووە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند، هەنگاوی باش لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال نراون، لەنێویاندا 2500 گەنجی شنگال بۆ ریزەکانی پۆلیس ناویان نووسراوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا جێگەی کراوەتەوە.

ڤیان دەخیل، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق کار بۆ دەرکردنی هێزەنایاساییەکان لە شنگال بکات.

هەروەها، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە زۆرترین گەندەڵی تێدایە و هیچ کارێکی بۆ ئاوارەکان نەکردووە، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەزارەتە دەکەین".