دانیمارک کشانەوەی سەربازەکانی لە عێراق و سووریا راگەیاند

هێزەکانی دانیمارک لە عێراق - ئەرشیف
هێزەکانی دانیمارک لە عێراق - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری دانیمارک، لە راگەیەندراوێکدا کشانەوەی سەربازەکانی لە عێراق و سووریا راگەیاند، کە بەشداربوونە لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆرستانی داعش.

ئەمڕۆ یەکشەممە (23ــی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، وەزارەتی بەرگری دانیمارکی رایگەیاند، سەرکردایەتی سەربازی بڕیاری کشانەوە و گەڕانەوەی سەربازەکانی دەکردووە بۆ دانیمارک، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە ژمارەی تیرۆرستانی داعش بە رادەیەک کەمیکردووە کە پێوێستی بە بەشداریکردنی هێزەکانیان نەماوە.

لەلایەن خۆیەوە، عەقید بجارک لۆمبۆرگ، بەرپرسی یەکەی بەرگری ئاسمانی دانیمارک، گوتی: "گەڕاندنەوەی هێزەکانمان بۆ وڵاتەکەمان لە ئێستادا زۆر گرنگە بۆ پارێزگاریکردن لەخۆمان لەو هەڕەشانەی کە لە دەوروبەرماندا هەستی پێدەکرێت".

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، ناتۆ داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا، لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکانییان چاوەڕوانی پشتیوانی ئەمەریکا نەکەن.

وڵاتی دانیمارک لە مانگی تەمووزی 2014ەوە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە و 300 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە عێراق و سووریادا هەیە.