لە میسر پشکنینی ماددە هۆشبەرەکان بۆ 700 هەزار کارمەندی حکومەت دەکرێت

K24 - هەولیر

بەڕێوەبەری سندووقی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە میسر رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار کارمەند لە دەزگای کارگێڕی وڵاتدا پشکنینیان بۆ کراوە، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای دەرکردنی ئەو کارمەندانەی کە ئەو ماددە هۆشبەرانە بەکاردەهێنن.

ماڵپەڕی قاهیرە24 بڵاویکردەوە، عومڕو عوسمان، بەڕێوەبەری سندووقی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر رایگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار کارمەند لە دەزگاکانی کارگێڕی وڵاتدا پشکنینی ماددەی هۆشبەریان بۆ کراوە، هاوکات رێژەی بەکارهێنەران لە دەزگاکانی کارگێڕی وڵاتدا بۆ نزیکەی لەسەدا یەک دابەزیوە.

عوسمان، ئاماژەی به وەشدا، کەمبوونەوەی رێژەکه له دەستپێکردنی هەڵمەتەکەوە بۆ دۆزینەوەی به کارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیپێکرد، هەروەها لە کاتی پشکنینەکاندا ئەگەر کارمەندێک بەکاری هێنابێت، بەپێی یاسا کارگێرییەکان راستەوخۆ لە کارەکەی دەردەکرێت.

هێڵی گەرمی سندووقی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئالودەبووان لە میسر، ساڵانە نزیکەی 170 هەزار نەخۆشی ئالودەبوو وەردەگرێت، هەروەها رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە میسر لە ساڵی 2014 دا لە 14% بووە، ئێستا دابەزیووە بۆ 5.9%.

بەڕێوەبەری سندووقەکە ئاماژەی بەوەدا کە رێژەی ئالودەبوون لە میسر لە گرووپی تەمەنی 12 بۆ 60 ساڵ دەگاتە 2%.

یاسای ژمارە 73ی ساڵی 2021 کە بە یاسای دەرکردنی فەرمانبەران دەناسرێت، بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە، هەموو دامەزراوەکانی سودمەندی گشتی، وەک زانکۆ ئەهلییەکان، یانەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، دامەزراوەکانی چاودێری، نەمامگە، یەکەکانی کارگێڕی ناوخۆیی، دەزگا گشتیەکان، و دەزگاکان، کە بودجەی تایبەتیان هەیە دەگرێتەوە.