کەمال کڵچدارئۆغڵو: جیاکاری لەنێوان کەسدا ناکەین و خزمەتی هەمووان دەکەین

کەمال کڵچدارئۆغڵو
کەمال کڵچدارئۆغڵو

K24 - هەولێر:

کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندید بۆ پۆستی سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، هیچ جیاکارییەک ناکەن و خزمەتی هەمووان دەکەن.

کەمال کڵچدارئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا کە لە شەقامی کۆنگرە لە شاری ئەردەخان بەڕێوەچوو، باسی لە دادپەروەریی کرد.

کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد، دادپەروەریی بۆ هەموو تورکیا دێت نەک تەنیا بۆ ئەردەخان و گوتی: ''نەک تەنها لە هۆڵی دادگادا، بەڵکو لە کێڵگە، کارگە و هەموو شوێنێکدا داوای دادپەروەریی دەکەن''.

گوتیشی: ''هیچ جیاکارییەک ناکەین. لە کتێبی ئێمەدا، جیاکاری بوونی نییە. مرۆڤ مرۆڤە و جێگەی سەر سەرمانە. خزمەتی هەموو کەسێک دەکەین''.

کەمال کڵچدارئۆغڵو داوای لە هەمووان کرد بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و گوتی: کاتێک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان دەبێت قەناعەت بە کەسێکیش بکەن ئەویش بێت بۆ دەنگدان. دەبێت برایەکتان کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا دەنگی بە ئاک پارتی و مەهەپە داوە قەناعەت پێ بکەن و بەیەکەوە بەشداری لە دەنگداندا بکەن. پێی بڵێن تورکیا پێویستی بە گۆڕان و ئاشتیی لە ئامێزگرتنە، پێویستی بە حکوومەتێکە کە مافی گەل نەخوات، پێویستی بە دادپەروەریی و ئارامییە.

رۆژی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.