گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی: عێراق له دۆسییه‌ی ئاودا كه‌مته‌رخه‌مه
K24 - هەولێر:
گۆڤاری نیولاینز، له‌میانه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی ئاماژه به وشكه‌ساڵی له عێراق ده‌كات و دووپاتی بێ خه‌می حكومه‌تی عێراقی ده‌كاته‌وه و باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌م بابه‌ته راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ئاسایشی خۆراكه‌وه هه‌یه.
جه‌ستن ساڵحانی له گۆڤاری نیولاینز راپۆرته‌كانی رۆژنامه‌وانی نووسیووه و تێیدا هاتووه: له‌دوای سعوودیه، عێراق دووه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، رۆژانه 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كات.
له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌ساڵی 2022، داهاتی نه‌وتی عێراق گه‌یشته 115 ملیار دۆلار، ئه‌م بڕه پاره‌یه هاوكاره بۆ پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پاڵپشتیكردن له ئاسایشی خۆراك.
جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه عێراق ته‌نیا پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت و بۆیه پێنجه‌م وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌هۆی وشكه ساڵییه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ردایه.
له راپۆرته‌كه‌دا دووپاتی ئه‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه، نه‌وت له‌سه‌دا 99ـی داهاتی گشتی عێراق و له‌سه‌دا 85ـی بودجه‌ی گشتی ئه‌و وڵاته پێكده‌هێنێت و حكومه‌تی عێراق باكی به كشتوكاڵ و دۆسییه‌ی ئاو نییه.
ئه‌و گۆڤاره كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی عێراق له ئیداره‌دانی دۆسییه‌ی ئاو نیشان ده‌دات، باس له‌وه ده‌كات، كه كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاو له عێراق، كاریگه‌ری بۆسه‌ر به‌رهه‌می كشتوكاڵی دروست ده‌كات، جیا له‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ توركیای هاوسێ به‌رده‌وام له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه له گفتوگۆ دایه.
له‌مباره‌یه‌وه خالید سلێمان، پسپۆڕ و نووسه‌ری ژینگه‌یی به گۆڤاری نیولاینزی راگه‌یاند، كێشه‌یه‌كی دیكه به‌رۆكی عێراقی گرتووه، ئه‌ویش فڕێدانی زبڵ بۆناو رووباره‌كانه، كه له به‌غداوه تاكو به‌سره ئه‌مه به‌دی ده‌كرێت، كه به‌هۆیه‌وه له ساڵی 2018، 100 هه‌زار كه‌س له به‌سره ژه‌هراوی بوون.