دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بووه‌ و وڵاتان هاووڵاتیانیان لە سوودان دەکشێننەوە

دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بووه‌ و وڵاتان هاووڵاتیانیان لە سوودان دەکشێننەوە
دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بووه‌ و وڵاتان هاووڵاتیانیان لە سوودان دەکشێننەوە

K24 - هەولێر:

شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان پێیناوەتە رۆژی دەیەم و دۆخەکە سات بە سات ئاڵۆزتر دەبێت، بەجۆرێک سوپای سوودان هێزی پشتیوانی خێرا تۆمەتباردەکات بەوەی، دەیانەوێت چەندین زیندانی مەترسیدار ئازادبکەن و رێگری لە پڕۆسەی کشاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی دەکەن.

لە ئەنجامی ئەو دۆخە ئاڵۆزەش، یەک دوای یەک وڵاتان هاووڵاتیانیان لە سوودان دەکشێننەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 وڵات هاووڵاتیانیان کشاندووەتەوە و بەشێکیشیان باڵیۆزخانەکانیان داخستوون.

كه‌مێك پێش ئێستا فه‌ره‌نساش رایگه‌یاند، كه‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌ خه‌رتووم داده‌خات و تا كاتێكی نادیار به‌ داخراوی ده‌مێنێته‌وه‌.

سوپای سوودانیش هێزی پشتیوانی  خێرا تۆمەتبار دەکات بەوەی، بووەتە رێگر لەبەردەم کشانەوەی هاووڵاتیانی بیانی لە سوودان و هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین بەندیخانە لە سوودان، مەترسی ئەوەش هەیە چەندین زیندانیی مەترسیدار ئازاد بکەن.

لەبەرامبەریشدا هێزی پشتیوانی خێرا رەتیدەکاتەوە، هیچ ئاستەنگیێکیان بۆ کشاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتەکە دروستکردبێت وبەپێچەوانەوە لە هەماهەنگیدان و ئاسانکاری بۆ پڕۆسەکە دەکەن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاشکرایکرد، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە زیاتر لە 413 کەس کوژراون و سەروو 3 هەزار و 551 کەسی دیکەش بریندارن.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 وڵات هاووڵاتی و دیپلۆماتکارەکانیان لە سوودان کشاندوونەتەوە  و بەشێکیشیان باڵیۆزخانەکانیان داخستوون.

لەوانەش، ئەمه‌ریکا باڵیۆزخانەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی داخست و نزیکەی 100 هاووڵاتی لە سوودان کشاندنەوە.

حکومەتی فەرەنسا ئاشکرایکرد، لە پڕۆسەی کشاندنەوەی هاووڵاتییانیان 388 هاووڵاتییان لەو وڵاتە کشاندوونەتەوە. سوپای ئەڵمانیاش لە رێگەی فڕۆکەیەکی سەربازییەوە 101 هاووڵاتییان لە سوودان گواستووەتەوە. سعودییەش دوای ئاڵۆزبوونی دۆخی سوودان بڕیاری کشاندنەوەی هاووڵاتییانی لەو وڵاتەدا و تاوەکو ئێستا 150 هاووڵاتی لە رێگەی ئاوییەوە گواستوونەتەوە. ئیتاڵیاش 140 هاووڵاتی وڵاتەکەی خۆی و 60 هاووڵاتی لە نەتەوەی جیاواز لە سوودان کشاندوونەتەوە.

رووسیاش یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەیە و لەکۆی 300 هاووڵاتی لە سوودان چاوی لەوەیە 140 هاووڵاتیان لەو وڵاتە بکشێنێتەوە. کۆریای باشووریش لەرێگەی تیمی سەربازییەوە 25 هاووڵاتی لە سوودانەوە گواستووه‌ته‌وه‌. ئیسپانیاش 30 هاوڵاتی ئیسپانی و 70 هاووڵاتی دیکەی لە سوودان کشاندوونەتەوە. پڕۆسەی کشاندنەوەی هاووڵاتییان بەردەوامەوە  وهەریەک لە کەنەدا و بەریتانیا و سویسڕاش پرۆسەی کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە دەستپیکردووە.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران 1,143,339  پەنابەر لە سوودان هەن.